سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند حكومەتی عێراقی پاساوی نەماوە بۆ نەناردنی بودجەی كوردستان، دەشڵێت بەشداریکردنی پێشمەرگە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ پێویستە بە جدی لایەنە ئیجابی و سلبیەکانی لە بەرچاو بگیرێت.
د.موسەنا ئەمین سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، لە وتارێکدا بەناونیشانی (قوتی هاووڵاتیان دەبێت زەمانەت بکرێت) کە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک بڵاویکردووەتەوە باس لە گرنگی هاتنی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات بۆ هەولێر و دەنوسێت، "دەبێت بەستەڵەكی نێوان هەرێم و بەغدا بتوێتەوە و لە بەرامبەر پابەندبوونی هەولێر بە ڕێكەوتنەكەوە، بەغداش ئیلتیزاماتەكانی خۆی جێبەجێ بكات و لە زوترین كاتدا بودجەی هەرێم و پێشمەرگە ڕەوانە بكات".
موسەنا ئەمین دەشنوسێت "بەشداریكردنی پێشمەرگە لە شەڕی موسڵدا كاریگەری هەیە لە دورخستنەوەی مەترسی و تیرۆریستان لە هەرێمی كوردستان و دابینكردنی ئاسایشی نیشتیمانی".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد "بە تێكشكاندنی تیرۆریستانیش لە شەڕی داعشدا ئەگەر پێشمەرگە ڕۆڵی كارای هەبێت، دەبێتە ژمارەیەكی تری قورس لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراقدا و پێگەی بەهێزتر دەبێت، ناشكرێت هێزەكانی پێشمەرگە بەو هەمووە قوربانیدانەوە، سەروەری كۆتایی هێنانی بە تیرۆریستانی داعشیان بەر نەكەوێت".
هەروەها ڕاشیگەیاند" پێویستە بەجدی بیر لە مەترسیەكانی بەشداربوون لە شەڕی موسڵدا بكرێتەوە، "دەبێت كورد لای ڕوون بێت كە دوای كۆتایی شەڕی موسڵ چی دەبێت؟ زەمانەتەكان بە كورد چین؟ كورد لە ئیدارەكردنی ئەو ناوچانەدا ڕۆڵی چی دەبێت و ناوچە كوردستانیەكانی ماددەی ١٤٠ بە كوێ دەگەن؟ گرێنتی دووبارە نەبوونەوەی ڕوداوەكانی تكریت و ناوزڕاندنی هێزەكانی پێشمەرگەش چەند دەبێت".
دوێنی ٦ی نیسان حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، دواتریش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا حەیدەر عەبادی وتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریان دەبێت لە کۆنترۆڵکردنەوەی نەینەوادا و دەیانەوێت شکست بە داعش بهێنین.
لەلایەن خۆشیەوە مەسعود بارزانی وتی، بڕیاریان داوە لیژنەیەکی هاوبەش دروست بکرێت بۆ ئەوەی تاوتوێی بەشداری پێشمەرگە لە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا بکرێت و دواتر بڕیار دەدەن.
